دبلۆماسیەتی سەرۆك مام جەلال بە میوانداری د.محەمەد سابیر

Sdílet
Vložit
  • čas přidán 30. 05. 2023
  • مێژووی سیاسەت، ژیر و پیری دیپلۆماسییەتی زۆر تێدا هەڵكەوتووە، گەلێك ئەندێشمەند و ئەزموونزادەی پەیوەندییەكانی خستۆتەوە، وەلێ هەر یەك (مام جەلال) هەبووە، كە بە قەولی چاودێران لە یەك ساڵدا ماچی روومەتی (ئەحمەدی نەژاد)ی سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران و (كۆندۆلیزا رایس)ی وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکای كردبێت و پارێزگاریی لە سەنگ و بێلایەنبوونەكەشی كردبێت، هێندە بلیمەت و حەڵاڵزادەی ئارامیی بوو خوان و ژوانی سیاسیی خۆی، گفت و لفتی شیرینی دەكردە ئاو و بەسەر ئاگری ناكۆكییەكانیدا دەكرد، نوكتە و نەستەقسازییەكەی بۆ هێوركردنەوەی هەڵشاخانی لایەنەكان بەكاردەهێنا، خۆ قسەكانی سیاسەتمەدار (فایەق شێخ عەلی) كە سەرگوزشتەی مام جەلال لە كۆنگرەی (بەیروت)ی ساڵی (1991)ی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی دەگێڕێتەوە، بەڵگەی ئەوەن كە زاتی عولیای كورد و تاڵەبان هێندە لەناو قوڵایی چارەسەرییەكاندا ژیابوو دەیزانی ئەسڵی كێشە و فەسڵی لوتبەرزیی لایەنەكان لەكوێدایە و چۆنیش ئەم دەردانە دەكاتە ئامرازێكی دیپلۆماسی و هەمووان پێك دەگەیەنێت، ئاخر خۆ نابێت ئۆپۆزسیۆنێك كە بۆ روخاندنی سەددام لە بەیروت كۆدەبنەوە هێندە بچكۆلە سیاسەت بكەن و خەریكی خۆیان بن، سەددامیان بیر بچێتەوە، راستییەكەش هەر مامەكەی خۆمان و عەمو جەلالی ئەوان بوو دەیتوانی سەری مار و مێرووی ئۆپۆزسیۆن لە كەلی شەیتان بێنێتە خوارەوە و بە كۆدەنگی و روو سپیایەتی بەیەك گوتار كۆنگرەكە كۆتایی بێت، ئەمە رێك بە قەولی (محەمەدی حاجی مەحمود) «مام جەلال، مام جەلالە» و هەر ئەویش قودرەت و عەسای كۆكردنەوەی شقارتە و پوش و پەڵاشی هەیە بێ ئەوەی گڕ لە پرۆسەكە هەستێت.
    لە مێژووی ناكۆكی ئایینزاكانی عیراق، لە ئەوجی ترس و تۆقێنی دیكتاتۆریش رووینەداوە فەلوجە و نەجەف پێكەوە لە سەنای كەسێكدا كۆك بن، كەچی باوكی شەلالی كورد و یەكێتی تەنها لە یەك ساڵدا ستایشی میللی و میدیایی هەردووكیانی پێبڕاوە، كەناڵی (ئەلفەلوجە) دەنووسێت «مام جەلال عەرابی ئارامیی و سەقامگیریی» و كەناڵی (نەجەف)یش بە «سەرچاوەی ئارامیی و ئۆقرەیی» ناوی دەبات، ئەم ناونانە درێژتر دەبێتەوە بۆ دوو ئاستە هێزدارەكەی كۆمەڵگاش مەرجەع ناوی دەنێت «سەمامی ئەمان» و هێزە سیاسییەكانیش بە «خێمە» و سایەی هەموان وێنای دەكەن.
    لە راستیدا ئەو پیاوێكی كەم وێنەی ناو مێژوو بوو، بۆ بەها و ئاكاری باڵا، مرۆڤێكی جیهانیی و یونیڤرساڵ بوو، بۆ ئارامیی و سەقامگیریی و پێکەوەژیان، رابەرێكی عیراقی بوو، بۆ كوردایەتی و كوردپەروەریش، بەردەوام خەباتگێڕێكی خاكیی و خۆیی بوو، ئەم مەقامە پڕ قامەتەی مێژوو هەموو شتێكی لە پەیوەندیی و دیپلۆماسییەتدا دەبینییەوە و دبلۆماسییەتیشی لە قسەی خێر و دەست و دیاری و زمان شیرینیدا كورتدەكردەوە، هەموو شتێكیشی هەر دواجار مۆرکێکی كوردانەی لێدەدا، ئاخر بە مێژووی هەموو عیراق نەبووە كۆشكی پادشا و كۆمارەكەی (نێرگز)ی لێ بێت و تەسبیحی (قەزوان)ی قەدپاڵی كوێستانەكانی تێدا رەنگبداتەوە، لەسەر خوانی هیچ كاربەدەستێك (قوڕاو) و (دۆكوڵیوو) و (دۆڵمە)ی بەخۆیەوە نەدیتووە و روینەداوە پیرە پیاوی ماندوی ئەم گەلە بە مشكی و مێزەرەوە لە ناوچەی سەوز و لە كۆشك هەست بە عیراقیبوون بكەن.
    مام جەلالی رابەر، لە مێژووی خۆیدا هەمیشە بە چاوتێری و میواندۆستی ناسراوە، ئەمەی خوارەوە مشتێكە لە خەرواری بەخشینەكانی مام جەلال، كە بەردەوام لەو باوەڕەدابووە كە بەخشین و پاشان بەخشین و دواتریش هەر بەخشین، دەتوانێ‌ گرێكوێرەی پەیوەندییەكان بكاتەوە و ناكۆكییەكان بگۆڕێ بۆ ئارامیی و ئاشتی و بەیەكەوەژیان و دۆستایەتی هەتاسەر.

Komentáře •