تەڵعەت تاھیر - لێرە کەس ئیمامی عەلی نییە
Vložit
- čas přidán 12. 09. 2024
- تەڵعەت تاھیر - لێرە کەس ئیمامی عەلی نییە
-----------
لە شوێنێك
لە کوپەی گۆرانییەك لە باخچەی ناختدا
لە پشت وێنەیەكی باوك لە ڕووکنێكی ژوورەکەتدا، بۆ ئەو کاتەی جێتدەھێڵن
مشتێك یادگاری و یەکدوو سڵاو بشارەوە
لێرە کەس ئیمامی عەلی نییە، بەزەیی بەو ئازیزانەدا بێتەوە، کە زەلیل دەبن
•••••
لە پشت سەیتەرەی ھەولێر، لە بەرزاییەکانی کەسنەزان
لە سەرچنار، لەسەر ئەزمەڕ:
سەرەتا لەنێوان ھاوڕێکاندا لەگەڵ زەڵاتە دروستکردن بەتوڕەییەوە باسی بێمانایی ژیان و نادادپەروەری و جێھێشتنی ئەم وڵاتە دەکرێت
دواتر سەری شووشەکانی بادە دەکرێنەوە و قوم لەدوای قوم بابەتەکان دەگۆڕێن بۆ یادەوەری و گۆرانی
منیش وام، لە خەو ھەڵدەستم دوای ھەندێك سڵاوی عادی، وەکو قوتوویەکی بەتاڵ بەرەو دەوام غلۆر دەبمەوە و ئیمزایەک لەسەر بەیانیەکی دیکەی بێ تۆیی دەکەم
دواتر یەکدوو جار لەبەر خۆمەوە ناوت دێنم و
یادێكت دەگوشم و دەیخۆمەوە و جیھان دڵەکزێی نامێنێت
ئیتر ھەموو شتێک باش دەبێت!
•••••
ئەوسا گەنج بووم، برازایەکی بچووکم ھەڵدەدایە ئاسمان و دەمگرتەوە، پێدەکەنی و بە پێکەنینی پێدەکەنیم
باوکم لەگەڵ ئەوەی زۆر کەمدووە، گوتی: تۆش بە منداڵیی حەزت لەوە بوو ھەڵتدەم و بتگرمەوە
لەو ساتەوە ھەستم کرد جارێک لەو جارانە ھەڵیداوم و نەیگرتوومەتەوە
ڕۆیشتووم، پارچەیەکم بۆتە ئەو کوڕە ئەنفالکراوەی سی ساڵە ھەموو شەوێک پیرەژنێکی گەرمیانی جێگایەکی بەتاڵ لەتەنیشت خۆی ڕادەخات و چاوەڕێی ھاتنەوەی دەکات
پارچەیەکم بۆتە ڕووخساری ئەو یارەی پیرەمێردێک لەبەر دەرگای مزگەوتێکدا بە دیار فرۆشتنی پاکەتی مووسەوە لەبەرخۆیەوە سەدویەک جار ناوی دەھێنێت، بێئاگا لەوەی ئێستا لەم جیھانەدا، ناوک نا، باو باوی سەربڕینە
پارچەیەکم بۆتە کتێبێکی عەشق لەدەستی ئەو ژنەی لە ماڵەوە بەناوی ھێلانەوە کەوتۆتە ناو تەڵەی ھاوسەرگیریەوە و دەیەوێت لەوە بگات بۆچی کونی دەرگا لە شێوەی دڵۆپێک فرمێسک دروستکراوە؟
پەراسووەکانم بوونەتە شیشی ئەو پردەی لە چواڕیانێکدا بە سۆزی باپیرەیەک بەسەر منداڵە کلێنس فرۆشەکاندا چەماوەتەوە
پارچەیەکم بۆتە پشیلەیەک، کەروێشکێک، بێچووە سەگێک، لە حەوشەی ماڵی ئەو ھەتیوانەی باوکیان لەشەڕەکان، لەخەستەخانەکان، نەگەڕانەوە
لەحەوشەی ئەو ماڵانەی منداڵیان نابێت و وەک قەرەبوو لەسەرباندا کۆتر و مریشک بەخێو دەکەن
تا لەکۆتایی تەمەندا تۆم ناسی و خۆشمویستی و پارچە پارچە بەسەر تۆدا دەباریم و دەتگرتمەوە
بیرتە کەدەتگوت ئەو پەڵانەی سەر مەچەک و برینی سەر دەستت ھی پڕووشکی ڕۆنی قرچاو و ئیشی ناوماڵن گاڵتەم پێدەھات و توڕەدەبووی؟
ئاخر خۆم دەمزانی ماک و برینی گرتنەوەی منن
دەتگرتمەوە و کۆتکردمەوە و بوومەوە گەنجەکەی جاران
ئایی، بۆچی لە سەردەمێکدا گەنجت کردمەوە
کە ھەڵدان و گرتنەوە نا،
تەنیا بە کەڵکی تێھەڵدان دێ ؟
•••••
ئەوانەی وەکو من ئێوارەیان خۆشدەوێت
پەیوەندی بە نواندنی رۆژانەیانەوە هەیە
بێ ئەوەی پسیاریشیان لێبکرێت بۆ دووری ئازیزێك زوو زوو
لەبەر خۆیانەوە دەڵێن: باشین، باشین هەروا دەبێ 'هــ
شەویش وەکو پەردەیەکی ڕەش دێت و
کۆتایی بەو شانۆگەرییە دێنێت
•••••
کە بەو ھەموو برینەوە ھێشتا زیندووم
ئەوەیە تۆم لەناخدایە
دەرکەوت دنیا لەیەكکاتدا دەرەقەتی دوو کەس نایە
---------
مۆنتاژ || ھاوبەش ھادی
لێرە کەس ئیمامی عەلی نیە💔
زۆر جوانە
ئەو موزیکە ناوی بێ زەحمەت ؟
ھەربژیت ،ھیوا سەرکەوتنت بۆ دەخوازم
دەمێک بوو گوێم لە شیعر نەدەگرت ،بەڵام ئەوھەستەت بۆگەراندمەوە ساڵانی نەوەدەکان خوێندکاری زانکۆ بووم
ژین بۆ تۆش بەڕێز، دڵخۆشم ئەو قسەیەم بیست 🌸
❤